غذای او ذکر محبوب گردد و تنش در هیجان شوق معبود مینازد و جان در محبت محبوب میگذارد
عیرفان پێشەنگی جوامێری و بەرفڕی گشت قوتابخانە و زانکۆیەکە.
مەخابن! ئەمڕۆ بڕینی ڕێگەی ئەوینی پەرەورێن و ژیان لەسەر سەکۆی عیرفان شتێکی ڕواڵەتی و دوور لە مانا و ڕاستی ڕەهایە، چوونە ناو ئەم ڕێبازە وێڕای ئەزموون و ڕاهێنانی ڕوح و شوردن و ژەنگئەسرینکردنی، خۆڕاگری لە ئاست ئێش و ئازاری ژیان بۆ گەیشتن بەم ڕێبازە ژێرخانی ئەم ڕێگەیەیە... ئامانجی سەرەکی عیرفان "نۆژەنکردنەوەی مرۆڤە" پێوەرناسی بە مرۆڤ، ڕێکخستنی پێوەندی لەگەڵ خۆی و خەڵکانی تر. کەواتە دەکرێ بڵێین عیرفان، قوتابخانەیەکی دەروونناسی، پەروەردەیی، سیسۆلۆژی، پێکهاتەی حەز و هیوا، داڕشتنی ژینگەیەکی دڵڕفێن و دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە دڵڕەقییە، بەجۆرێک کە بەردەنگی خۆی بینی ڕووناکایی چێژبەخش بخاتە ناخی...
بێگومان لە بەراوەرد و پێشبڕکێی پلەی هەڵسەنگاندنی خواپەرەست و خۆپارێز، عاریف براوەی سەرەکییە. عابید هەم خوازیاری دونیایە و هەم دواڕۆژ، بەڵام خۆپارێز تەنیا لەبیری دواڕۆژدایە؛ بەجۆرێک پشت دەکاتە دونیا تاکوو دواڕۆژ بۆخۆی دەستەبەر کات، کەچی عاریف جگە لە دڵداری حەقیقی لە دونیا و دواڕۆژ بیر لە شتێکی تر ناکاتەوە.
ڕەنگە پرسیارێکی لەم شێوەیە بێتە ئارا، ئاخۆ کێ ئەتوانێ دیدارێکی ڕوحی و حزووریانەی بێت لەگەڵ پەروەرێن!؟ کێ ئەتوانێ شوێنکەوتەی شاڕێگەی شەریعەت و قوتابخانەی مەعنەوییەت و عیرفان بێت!
ئەمڕۆ مرۆڤ چۆن هەڵخواز بێ تاکوو بتوانێ بڕواتە ناو جیهانی عیرفان؟ دەوترێت ئەگەر شارەزای بڕینی ڕێڕەوی ڕێژوان نەبیت، بە دڵنیاییەوە تووشی مەترسی و خەسار دەبی. ئەمە پرسیارێکی زۆر قووڵە و جێگەی تێڕامانێکی قووڵ و وردبوونەوەیە...
بێگومان ڕێگە و دونیای عیرفان ڕێگایەکی دڵگیرە، بەڵام ئیشکەڕێیەکی تاوێرە و پڕە لە بەربەرەکانی و ڕژدی و هەڵدێر، کەواتە ئەگەر بێ ڕاهێنانی دەروون و ژینگەی ژیان، بڕۆینە ناو ئەم ڕێبازە، ڕەنگە تووشی تێکچوونی دەروونی بین؛ نەبوونی شارەزایی لەم ڕێگەیە و بە تێگەیشتنێکی ڕواڵەتی، هێندێ جار تووشی هەڵە و ڕووکەشی و پشێوی بیر و هزر و یا قەیرانی شووناس بین و دەرەنجامی ئەم دۆخە ببێتە هۆکاری لەدەستدانی ئامانجی سەرەکی!
بەپێی وتەی زانایان هەنگاوی یەکەم بۆ چوونە ناو دونیای عیرفان پاککردنەوەی ڕوحە لە هەستیاری و گرێدراوی دڵ بە دونیا.!
ئیمانوێل کانت، فەیلەسوفێکی بیرکراوە، دەڵێت: "ئازادی ڕاستەقینە کاتێک بەدەست دێت کە خۆمان لە ئارەزووی خۆپەرستانە ڕزگار بکەین" و هەمان بنەما لە عیرفاندا ڕاستە: خۆپارێزی و ژەنگئەسرین کردنی دڵ، ڕێگای چوونە ژوور و هاتنە سەر سەکۆی عیرفان خۆش دەکات و هەنگاوی داهاتوو بێدەنگییە... لەناو مەمملەکەتی ئەوین دەتوانی ژوانی ڕوح ئەزموون کەی بەجۆرێک کە، دواتر بگوازرێتەوە بۆ نیشتیمانی ڕاستەقینە؛ خۆشترین سەفەر سەفەری مرۆڤە بۆ ناوەوەی خۆی سەفەر بۆ ئێستا بە باڵی سپی و پاکی نوور، دڵارامی، ناسک و ڕاستگۆیی، مێهرەبانی، ئەوین، چاکە و چاکەکاری، بەڵێ بفڕی بەڵام نەک بەرەو ئاسمان! بەڵکوو گەشتێک بەرەو ناوەوەی خۆت لە خەڵوەتدا، لەم ساتەدا و وتووێژ لە ساتی بێدەنگی لەگەڵ خۆت دیدارێ تازە کەیەوە لەگەڵ یاری نازەنین و تام و چێژ لەو ساتە کە خەریکە لەودا هەناسەد دەدەی و وازھێنان لە بیرکردنەوە لەوەی لە داھاتوودا چی ڕوودەدا و لە ڕابردووشدا چی ڕوویداوە.
ئەو بێدەنگییە ناوەکییەی کە بانگت دەکات بۆ بیستنی دەنگی حەقیقەت، بێدەنگی و نهێنی دەرەکی کە توخمێکی گرنگن، دونیای سۆفیگەری و عیرفانییە و تەنیا پرەنسیپێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو ڕێگایەکە بۆ پاراستنی ئەزموونە ڕوحییەکان و وتوویانە: مرۆڤی نهێنی دەبێت کەسێکی نهێنی پارێز بێت!
هەروەها خواجە شیرازی لە دیوانە بەنرخەکەیدا ئەم پرەنسیپەی بیردەخاتەوە:
حافظا ! راز دل خویش نگە دار
کە از این دست حریفان دغا بسیارند
بە کورتی دەبێ بڵێین کە: پێوانی ڕێگەی ڕێبازی عاریفان دەبێت بە وردبینی، خۆنەویستی و دڵپاکی ئەزموون بکرێ و هۆشیاری و تێڕوانین، بە واتای چرای ڕێنمایی ئەم ڕێگایەن.
لە گەشت و ئۆغری مەعنەوی ناتوانی تەنیا لە شەڕاب تام و چێژ وەرگری، جوانترین ڕاژێنەر بۆ کەوتنە ناو دۆخی مەستی و سەرخۆشی فڕەکانسی چاودێری لە وشەی "ئەمن"ـە واتە: هەر ڕاستییەکی بێوێنە کاتێک جلوبەرگی نێو دەپۆشێ بریندار دەبێ... بولحەسەنی فوشەنجە دەڵێ: تەسەووفی ئەمڕۆ نێوێکی بێ ناوەڕۆکە و بەر لەمە ڕاستییەکی بێ نێو بوو.!
شەمسی تەبریزی دەفەرموێ: عاریف دەبێ شوێنکەوتەی ڕاستەڕێی پێغمەر بێت لە بڕینی ڕێگەی ئەوین و تێڕامان لە خۆشەویستی خوا...
لێرەش مەولانا چەند جوان ئەم دێرەی هۆنیوەتەوە و دەفەرمێ:
یک نفسی بام برآ ای صنم
رقص درآ استن حنانەرا
یارسولاللە ستون صبر را
استن حنانە کردی عاقبت
ذرەهای هوا پذیرد روح
از دم عشق روح پرور ما
ساتێک ئەبینی دارێک ئاوا ئەتوانێ ئاشق و شەیدا بێت، ئێمە کە مرۆڤین بۆچی نا؟ ئیمام حەسەنی بەسری هەر کاتێک ئەم فەرموودەی دەخوێندەوە دەیفەرموو: «یا عباداللە! الخشبە تحن الی رسولاللە شوقا الیە، فٲنتم ٲحق ٲن تشتاقوا ٲلی لقائە» ئێش و ئازاری دڵ و شەیدای ئەوێنێکی پاک و بێگەرد بخزێتە باوەشی خۆشەویستی خوا... ئەمڕۆ چیرۆکی ژیانی باوەڕدار لەحاند بڕینی ڕێڕەوی مەعنەوی، چیرۆکی مەودای ویژدان و ڕوح و ناوەوەیە، واتە: نە دەتوانێ ڕێگەببڕێ و نە وازبێنێ و چاوپۆشی بکات.
درێژەی هەیە....
بۆچوونهکان